بەشی ئەندازیاری نەوت

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-07-16-02:33:00 - کۆدی بابەت: 5909
بەشی ئەندازیاری نەوت

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی بەشی ئەندازیاری نەوت

ئەندازیاری نەوت بریتییە لەو بەشەی ئەندازیاریی کە گرینگی بە دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و گازە سروشتییەکان دەدات، ئەرکی سەرەکی ئەم بەشە دەستەبەرکردنی ڕێگا و شێوازی جیاواز و گونجاو بۆ بەجێهێنانی ئەم کارە.

وزە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ژیانی ڕۆژانەمان، لە هەموو پێداویستیەکانی ڕۆژانە وەكوو موبایل و سەیارە و ماڵەکانمان بوونی هەیە، ئەندازیارانی وزە و نەوت ئامانجیان ئەوەیە بەکارهێنانی وزە بەشێوازێکی گونجاو و تەندروست بێت لە ژیانماندا.

ئەندازیاری نەوت لە گرینگترین بەشە ئەندازیارییەکانە، زۆر پەیوەستە و پەیوەندی هەیە بە بەشەکانی وەکوو زانستی زەوی geology، ئەندازیاری میکانیك Mechanical Engineering، ئەندازیاری شارستانی Civil Engineering، ئەندازیاری کیمیا Chemical Engineering. 

سیفات و تایبەتمەندیی ئەندازیاری نەوتی سەرکەوتوو 

مەرجە زانستییەکان

  • لێهاتوویی لە بیرکاری و ژماردن.
  • هەبوونی ئاستێکی باش لە وانە زانستییەکان وەکوو جیۆلۆجی و فیزیا و کیمیا.
  • هەبوونی ئاستێکی باش لە زمانی ئینگلیزیدا، چونکە ئەم بەشە زاراوەی ئینگلیزی زۆری تێدایە و خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە.
  • لێهاتووی لە STEAM بە واتای زانست و تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری و بیرکاری. 

توانایی و لێهاتووە کردارەکییەکان

  • لێهاتوو بێت لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت.
  • بە  توانا بێت لە نەخشەسازی.
  • لێهاتوویی هەبێت لە پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر .
  • لێهاتوویی هەبێت لە کاروباری ئۆفیس.
  • توانای کارکردنی بە کۆمەڵی هەبێت. 

تایبەتمەندیی کەسایەتی

  • توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەبێت.
  • توانای شیکارکردن و لێکۆڵینەوەی هەبێت.
  • لێهاتوو بێت لە بابەتە تەکنیکییەکان.
  • سەرپەرشتی کردنی شوێنی دەرهێنانی نەوت. 
  • دیاریکردن و هەڵبژاردەی کەرەستەی گونجاو. 

بەشە پسپۆرییەکانی ئەندازیاری نەوت

ئەندازیاری نەوت لە ماوەی خوێندندا چوار پسپۆڕی سەرەکی گرنگ دەخوێنێت، بەشێوازی وانەیی تیۆری و کردارەکی لە تاقیگەکان و سەردانی کردنی شوێنی کار و کێڵگە نەوتییەکان.

ئەندازیاریی هەڵکۆڵین Drilling Engineering 

لەم پسپۆرییەدا ئەندازیاری نەوت فێری چۆنیەتی شێوازی هەڵکۆڵین دەبێت، هەروەها دانانی پلانی گونجاو بۆ تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە لە سروشتی بەرد و خاك و خۆڵی شوێنی دیاریکراو کە نەوت و گازی سروشتی تێدایە پێش هەڵکۆڵین.

ئەندازیاریی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت Petroleum Production Engineering 

لەدوای دیاریکردنی شوێن و هەڵکۆڵین، ئەندازیار دەستدەکات بە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت بە بڕێکی زۆر و بەکەمترین تێچوو، هەروەها ئەندازیار بەرپرسی گواستنەوە و دابینکردنی ئەو بابەتانەیە کە بەرهەمی هێناوە، دەبێت بیگوازێتەوە بۆ هێڵی بۆرییەکانی کۆمپانیاکان و بریکارەکان. 

ئەندازیاریی کۆگا سوتەمەنییەکان Stock Engineering

لەم بەشەدا ئەندازیار هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کۆمەڵێك کاری گرنگ وەکوو شیکارکردنی سیستەمی تاشە بەردەکان، دیزاین کردنی چەند نموونەیەكی ئاوەڕۆی بیرە نەوتییەکان بە جۆر و قەبارەی جیاواز، ئاگادار و پێشبینی کاری بیرە نەوتییەکان و دڵنیابوونەوە لە بڕی نەوتی یەدەگ. 

ئەندازیاری هاوشێوەیی و ڕواڵەت Simulation Engineering 

لەم بەشەدا پێویستە ئەندازیار پڕۆگرامێکی کۆمپیوتەری ئامادە بکات کە بە وردی هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە نەوت و بیرە نەوتییەکان لەخۆبگرێت وەکوو قوڵی، ڕووبەر، بڕی بەرهەمهێنانی داهاتوو، بەو شێوەیە دەبێت هەموو زانیارییە گرنگەکان بەردەست بن. 

وانە سەرەکییەکانی بەشی ئەندازیاریی نەوت

کوردی ئینگلیزی
زمانی ئینگلیزی English language
بیرکاری Mathematics 
کیمیای ئەندازیاری Engineering Chemistry 
ميكانيك Engineering Mechanics
پرۆگرامسازی Computer Programming 
بابەتە ژینگەییەکان Environmental Studies
ئەندازیاری کیمیای تاقیگەیی (کردارەکی) Engineering/Applied Chemistry Laborator
کەرەستەکانی ئەندازیاری میکانیکی Elements of Mechanical Engineering
ئەندازیاری فيزيای تاقیگەیی (کردارەکی) Engineering/Applied Physics Laboratory 
گۆڕاوە ئاڵۆزەکان Complex Variables 
ئەندازیاری کارەبا و ئەلیکترۆنییەکان Basic Electrical and Electronics Engineering
جيۆلۆجی General Geology 
کردارە ژمێریاریە کیمیاوییەکان Chemical Process Calculations 
تاقیگەی جيولوجی و ڕووپێوی Geology and Surveying Lab
بەڕێوەبردنی ئابووری و شیکاری دارایی Managerial Economics and Financial Analysis
ئامارەکان Probability and Statistics 
جيۆلۆجی نەوت Petroleum Geology 
دۆزینەوەی نەوت Petroleum Exploration 
چارەسەری گواستنەوەی گەرمی Process Heat Transfer 
زانستی بەڕێوەبردن Management Science 
تەکنەلۆژیای هەڵکۆڵین Drilling Technology 
ئەندازیاری بەرهەمهێنانی نەوت Petroleum Production Engineering
ئەندازیاری کۆگاکانی نەوت Petroleum Reservoir Engineering
چارەسەریی نەوت و گاز Oil and Gas Processing 
تەکنیکی بیرە ئاسۆییەکان Horizontal Well Technology 
ئەندازیاری دەریایی Offshore Engineering

بە هۆی فراوانی و ووردی ئەم بەشە ئەمانە و چەندان بابەتی لاوەکی تریش هەن کە پێویستە ئەندازیاری نەوت بیخوێنن لە زانکۆکاندا، خوێندن لەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە و بۆ ماوەی چوار ساڵە وانەکانی بە زۆری پشتدەبەستن بە بوارە زانستییەکان. 

لایەنە ئەرێنییەکانی خوێندنی ئەندازیاری نەوت 

  • داهات و موچەیەکی بەرز.
  • بوارێکی فراوانە ئەندازیاری دەرچوو بۆی هەیە لە چەندان بوار کاربکات و داهاتوویەکی باشی هەیە.
  • بوارێکی دەگمەنە و داواکاری زۆری لەسەرە لە هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان. 

لایەنە نەرێنییەکانی ئەندازیاری نەوت 

  • خوێندن لەم بەشە بەڕادەیەکی زۆر قورس و ئاڵۆزە.
  • لە هەندێك کات ترسناکە و دەبێت ئەندازیار ئاگادار بێت بەتایبەت نزیك ئەو  بیرە نەوتییانەی کە مەترسی تەقینەوەیان لەسەرە.
  • کاتی کارکردن زۆرە دەگاتە 60 کاژێر لە هەفتەیەکدا .
  • دانیشتنی بەردەوام و کارکردنی زۆر دەبێتە هۆی ماندووبوون و بێزاری.
  • ئەگەر کەسێك بە توانا و لێهاتوو نەبیت لە بابەتە زانستییەکان ئەم بەشە گونجاو نییە بۆت.

گرنگترین ئەو زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت:

  • زانکۆی کۆیە 
  • زانکۆی سۆران
  • زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی 


سەرچاوەکان



4475 بینین